ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (گەلاوێژی ٢٧٢٢)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٣٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٠:١٩


هەنگاو: سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٢

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٣٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٢، لانی کەم ١٣٠ حاڵەت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛


کۆڵبەران (٤٧ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٤٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

لە کۆی ئەو ٤٠ کۆڵبەرە کە بریندار بوون ٣٠ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٤ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین و ٦ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی بوونەتە قوربانی.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٧ حاڵەت)
لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لانی کەم سزای سێدارەی ٧ بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی کرماشان، سەوڵاوا ٢ حاڵەت، دێولان، بیجاڕ، تیکاب و شیروان و چەرداول جێبەجێ کراوە کە ٢ کەسیان ژن بوون. ٦ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و کەسێکیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپاوە.

لەو ماوەیەدا گیان لە دەست دانی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران تۆمار نەکراوە.


کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٩ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٦ هاووڵاتی لە سنووری شارەکانی بانە و مێهران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بوون.

هەروەها، دوو برای تەمەن ٩ و ١٢ ساڵ بە ناوەکانی مەتین ڕاشدی مەنش و مەهدی ڕاشدی مەنش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام بریندار کراوە.


دەستبەسەر کران و سەپاندنی سزا (٦٠ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٥٣ هاووڵاتیی کورد کە ٣ کەسیان ژن و پێنج مێردمنداڵ و تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٧ چالاکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.


کرێکاری (٧ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانی کەم ٢ کرێکاری خەڵکی شارەکانی بۆکان، سنە، مەهاباد، گیەڵان، بانە، نەغەدە و ئورمیە لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە کە دوو کەسیان منداڵی کار بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە