ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر داڕمانی بینایەک لە گەڕەکی سەرتەپۆڵەی سنە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێچەوانەی بانگەشەی میدیاکانی سوپای پاسداران لە سەر داڕمانی بینایەک لە گەڕەکی کۆ

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٨:٠٤



هەنگاو: یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێچەوانەی بانگەشەی میدیاکانی سوپای پاسداران لە سەر داڕمانی بینایەک لە گەڕەکی کۆنی سەرتەپۆڵەی سنە و وەک خۆیان باسی دەکەن جێمانی شەش تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان لە ژێر ئەو بینایە، هۆکاری سەرەکیی داڕمانی بیناکە ناوەندە ئەمنییەکانن کە چەندین ساڵە بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی نۆژەنکردنەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە نۆژەن نەکراوەتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسداران گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خەڵکی ئەو گەڕەکە و بە بیانووی هەبوونی گۆڕی ژنێک بە ناوی '' هاجەر خاتوون'' کە وەک خۆیان باس دەکەن خوشکی ئیمامی هەشتەمی شیعەکانە کە موڵک و ماڵی خۆیان لەو گەڕەکە کە یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی شارە بفرۆشن و ئەوێ چۆڵ بکەن.

یەکێک لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکە بە هەنگاوی وت کە سوپای پاسداران چەندین ساڵە ڕێگری کردووە لە دروستکردنی خانوو و نۆژەنکردنەوەی خانووەکانی ئەم گەڕەکە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: دوای داڕمانی ئەم بینایە هێزەکانی سوپای پاسداران لەو گەڕەکە جێگیر بوون و ئیزن نادەن کە هیچ کەس تەنانەت ئەوانەش کە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری هاتوون، سەردانی ئەو شوێنە بکەن «.
گەڕەکی سەرتەپۆڵە یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی سنەیە کە بەردەوام شوێنی ژیانی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی خەڵکی سنە بووە. بەڵام دوای شۆڕشی ئێران و جێگیربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوابەدوای ئەوە فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد و شەپۆلی کۆچکردنی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە، زۆربەی ماڵ و موڵکی خەڵکەکە بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتی ئێران دەستی بەسەردا گیرا و ئەو خەڵکە کەمەش کەمانەوە بەردەوام لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون.

هۆکاری ئەم گوشارە گۆڕینی ناسنامەی دۆمۆگرافیگی ئەو گەڕەکەیە و دەرکردنی کوردانی سوننە و نیشتەجێکردنی ئەو شیعانەیە کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە هێنراون. لە گەڵاڵە درێژخایەن و گشتییەکانی شاری سنە بەردەوام دەستتێوەردانی بەرپرسانی ئەمنی بە مەبەستی گۆڕینی ناسنامەی شار لە ئارادا بووە.

بنەڕەتی ئەم گەڵاڵانە پەرەپێدانی ڕۆژانەی حوسێنەی شاری سنەیە کە لەو نزیکانەیە و لکاندنیەتی بە بینایەک بە ناوی هاجەر خاتوو لەڕێگەی داگیرکردنی زەوی خەڵکەوە. محەممەد ڕەزا ڕەحیمی پارێزگاری ئەو کاتی سنە یەکێک لەو بەرپرسە ئەمنییانە بووە کە ڕۆڵی هەبووە لەم گەڵاڵانەدا و ئەنوەر ڕەشیدی سەرۆکی شارەوانیی ئێستای سنەش بە مەبەستی سەرپۆش دانان بە سەر ئەم تاوانانە دانیشتووانی ئەم گەڕەکەی بە تووشبووی ماددەی هۆشبەر ناو بردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە