ڕاپۆرتی هەنگاو لە سەر لەسێدارەدانی پێنج هاووڵاتی لە پارێزگای لوڕستان

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای لوڕستان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو

٢ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١١:٠٩

 

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای لوڕستان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایە جێبەجێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٢)، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی لوڕستان بە ناوەکانی ئیقباڵ مستەوفی و هۆشەنگ خان محەمەدی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ٤ ساڵ پێش دەستبەسەر و ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەم ئاوا جێبەجێ کرا.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانویە)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی موسلم ئاقامیرزایی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی خوڕەم ئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوبراو دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، سەرەتای مانگی ژانویە، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی لوڕستان بە ناوەکانی جەهانبەخش عەباسی و مێهران نەقدی بە تۆمەتی “موحاریبە” لەڕێگای کوشتنی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان، لە یەکێک لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایە جێبەجێ کراوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی مێهر بە فەرمی لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسەی ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە شوێن و کاتی جێبەجێ کرانی سزاکەیانی نەکردووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە