ڕاپۆرتی ژمارە یەکی هەنگاو لە سەر هێرشی مووشەکی سوپا بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی کوردستان

لە بوردمانەکانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٢٢:٢٦


هەنگاو: چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لە بوردمانەکانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لانی کەم ١٢ کەس گیانیان لە دەست داوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ئەنجامی ئەو بوردمانانەدا ٦ پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان و ٤ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و هەروەها دوو ژنی ئەندامی ئەو حیزبە کە یەکێکیان دوو گیان بووە گیانیان لە دەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند کاتژمێر پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە ٩ کەس گیانیان لە دەست داوە. هەنگاو زانیویەتی کە باری تەندروستی ٦ کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە و ئەگەری ئەوە زۆرە ژمارەی کوژراوەکان بەرز بێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست هەنگاو گەیشتووە، لانی کەم ٢١ کەس لە شاری کۆیە (بنکە و بارەگاکانی حدکا، ٢٤ کەس لە پردێ (بنکەی پاک) و ٢ کەس لە بارەگاکانی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە کە یەکێک لەو مووشەکانە لە نزیک قوتابخانەی سەرەتایی ئازادی بەربووەتەوە و لانی کەم ٨ قوتابی بریندار بوون.

سوپای پاسدارانی ئێران لە پێنج ڕۆژ پێشەوە تۆپباران کردنی کوێستانەکانی سنووری هەرێمی کوردستانی دەست پێکردووە کە بەشێک لە بنکە و بارەگای حیزبەکانی کوردستان لەوێ جێگیر کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ سەرەتا جارێکی دیکە لە کاتژمێر ٨: ٣٠ی بەیانی تۆپبارانی ئەو ناوچانەی دەست پێکرد و کاتژمێر ١٠ بەولاوە بە زیاتر لە ٧٠ مووشەک (هاژەک) و ٣٠ دڕۆنی خۆتەقێن بنکەکانی ئەو حیزبانەی کردە ئامانج.


هەنگاو پێشتر چەند ڤیدیۆی بڵاو کردووە و ڕایگەیاندبوو کە سوپای پاسداران لە سنووری بانە و سەردەشت هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبەکان.


ژمارەی قوربانییەکان هەتا ئێستا


حدکا: ٦ کوژراو و ٢١ بریندار
پاک: ٦ کوژراو و ٢٤ بریندار
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: ٢ بریندار

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە