ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی فریشتە ئەحمەدی لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد

تەرمی فریشتە ئەحمەدی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی گیانی لەدەستدابوو، لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک لە شا.

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٠٩:٥٩


هەنگاو: شەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

تەرمی فریشتە ئەحمەدی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی گیانی لەدەستدابوو، لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک لە شاری مەهاباد بە خاک سپێردرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە کاتی خۆپیشاندان و بەرگری ڕەوای خەڵکی مەهاباد، ژنێکی لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ بەناوی فریشتە ئەحمەدی، لەسەربانی ماڵەکەی گولەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بەر سینگی کەوت و بە هۆییەوە گیانی لە دەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت ویستوویانە هەر ئەو شەوە تەرمی فریشتە بە شێوەیەکی نهێنی بنێژن، بەڵام لەگەڵ دژایەتی توندی بنەماڵەی ناوبراو ڕووبەڕوو بوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو هێزانە ئیزنی گەڕاندنەوەی تەرمی فریشتەیان بۆ سەردەشت، کە زێدی ئەو ژنە لاوەیە نەداوە.

ڕێوڕەسمیی ئەسپەردەکردنی تەرمی فریشتە ئەحمەدی ڕۆژی هەینی، لە گوندی هەمزاوای شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە فریشتە ئەحمەدی خەڵکی سەردەشت، دانیشتووی شاری مەهاباد هەروەها دایکی دوو منداڵیش بوو.

لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی هەمان ڕۆژی شاری مەهاباد، کە لە دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئیسماعیل مەولوودی (سمکۆ) یەکێک لە کوژراوانی ٤ی خەزەڵوەری شاری مەهاباد دەستیپێکرد، سێ هاووڵاتی دیکە بەناوەکانی شاهۆ خزری، کوبرا شێخ سەقا و زانیار ئەبووبەکری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە