ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئیبراهیم میرزایی کە لە ناڕەزایەتییەکانی ٤ی خەزەڵوەری شاری سنە کوژرا

لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممەی شاری سنە، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی ئیبراهیم میرزایی بەهۆی بەرکەوتنی گازی فرمێسک ڕێژ گیانی

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٢٣:٢٣


هەنگاو: شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممەی شاری سنە، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی ئیبراهیم میرزایی بەهۆی بەرکەوتنی گازی فرمێسک ڕێژ گیانی لەدەستداوە. سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ بەسەر گیان لەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە، هەواڵەکەی هەتا ئێستا میدیایی نەکرابووەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیبراهیم میرزایی تەمەن ٤٢ ساڵ، شەوی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە چوار ڕێیانی عەباساوای شاری سنە، دوای بەرکەوتنی بە گازی فرمێسک ڕێژ، کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بەرەو ڕووی خەڵک فڕێدرابوو، تووشی کێشەی هەناسەدان بووە و لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوەدا گیانی لەدەستداوە.

ئیبراهیم میرزایی خەڵکی گوندی گەزگەزارەی سەر بە ناوچەی بڵواناوای شاری دێولان و دانیشتووی شەقامی ١١ مەتری شاری سنە بوو.

لە کاتی ناڕەزایەتییەکان و بەرگری خەڵکی شاری سنە لە شەوی چوارشەممە، کە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری گرتبووەوە، سێ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی محەممەد شەریعەتی، کەیوان دەروێشی و محەممەد لوتفووڵڵاهی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانیان لەدەستدابوو.

هەروەها سارینا ساعیدی تەمەن ١٦ ساڵ، کە هەر هەمان شەو بەهۆی لێدانی توندی باتۆم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەری تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووبوو، ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لەدەستدا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە