ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەر کرانی ستارە زادهێشت هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان

کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی مەریوان بە ناوی ستارە زادهێشت نزیکەی سێ حەفتە پێش ئێستا دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بۆ ناوەندی چاکسازی

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٠:٥٦


هەنگاو: چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی مەریوان بە ناوی ستارە زادهێشت نزیکەی سێ حەفتە پێش ئێستا دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ستارە زادهێشت خەڵکی گوندی "عیسەوڵێ"ی مەریوانە و پێشتر بۆ ماوەی ٧ ساڵ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و مانگی ڕابردوو دوای جیابوونەوە لەو حیزبە لە ڕێگای سنووری مەریوانەوە خۆی ڕادەستی هێزەکانی سوپای پاسداران کردووە.

ستارە زادهێشت دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە گوازراوەتەوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ژنانی سنە ناسراو بە بەندی ژنان کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ستارە زادهێشت لە ماوە مانگی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیەشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

هەواڵی دەستبەسەرکرانی ستارە زادهێشت هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وێڕای میدیایی کردنەوە داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە گرنگییەوە لە سەر دۆسیەی ناوبراو کار بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە