ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەرکرانی پێنج ئەندامی پێشووی کۆمەڵە لە سنووری بانە

پێنج ئەندامی پێشووی کۆمەڵە بە ناوەکانی نەوزاد کەریمی خەڵکی مەریوان، وریا موئەید خەڵکی سنە، عەلی سەحرایی خەڵکی کرماشان، کەژان سەمەدی

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢١:٣٢

 

هەنگاو: چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢


پێنج ئەندامی پێشووی کۆمەڵە بە ناوەکانی نەوزاد کەریمی خەڵکی مەریوان، وریا موئەید خەڵکی سنە، عەلی سەحرایی خەڵکی کرماشان، کەژان سەمەدی ٤٠ ساڵە و کچەکەی بە ناوی شیلان ئومێد پەنا ١٨ ساڵە خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە سنووری بانە دەستبەسەر کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کەسانە کە ئەندامی پێشووی کۆمەڵە و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ تورکیا (لەوێشەوە بۆ ئەورووپا) و لە لایەن چەند قاچاخچییەکی مرۆڤەوە براونەتە سنووری بانە هەتا لە سنووری ئورمیەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی تورکیا. لە ڕێگادا کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا و دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم پێنج کەسە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە گوازراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

جێگای باسە کە سوپای پارێزگای سنە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندبوو کە پێنج ئەندامی «گرووپێکی تیرۆریستی» لە سنووری بانە دەستبەسەر کراون و بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە دەستی بە سەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. بەو حاڵەشەوە وێنە و زانیاری زیاتری لە سەر ئەو کەسانە و هەروەها ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە باسی کردبوو بڵاو نەکردبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەم کەسانە سێ حەفتە بەر لەو ڕاگەیەندراوەی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراون و بە هیچ جۆرێک چەکدار نەبوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە نیسبەت چارەنووسی ئەم پێنج کەسە جەخت دەکاتەوە کە ئەوان چەکدار نەبوون و لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا هیچ جۆرە تێکهەڵچوونێک نەهاتووەتە ئاراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە