ڕاپۆرتێک لە سەر سنوور خەلیفانی تۆمەتبار بە ئەندامەتی لە داعش کە سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامەتی لە داعش سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەند

١٢ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١١:٥٢

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامەتی لە داعش سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “سنوور خەلیفانی” ماوەی دوو ساڵ و نیوە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەندکراوە و هەتا ئێستا شێوەی دەستبەسەرکران و سەپاندنی سزای ١٥ ساڵ بەندکران بە سەر ناوبراودا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە میدیایی دەکاتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سنوور خەلیفانی زستانی ٢٧١٤ (ژانویەی ٢٠١٥) لەگەڵ هاوژین و ژن و مێردێکی دیکەی خەڵکی مەهاباد چوونەتە مووسڵ و بوونەتە ئەندامی داعش، بەڵام دوای دووساڵ لەگەڵ ژنێکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “حەلیمە توورە” لە داعش جیابوونەوە و بە دزیەوە گەڕانەوە بۆ ئێران.

دوای سێ مانگ ژیانی نهێنی دواجار سنوور خەلیفانی لە شاری جوانڕۆ و حەلیمە توورە لەشاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرانەوە و دوای سێ مانگ لێپرسینەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

ئەو دووژنە دوای شەش مانگ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کران و ساڵی ٢٧١٨ ( ٢٠١٨) لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە داعش دادگایی کران و سنوور خەلیفانی سزای ١٥ ساڵ بەندکران و حەلیمە توورە سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا و ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کران.

حەلیمە توورە ساڵی ڕابردوو بە ەمرج ئازاد کرا، بەڵام سنوور خەلیفانی زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە کە بە بێ ئەوەی مافی مرەخەسی هەبێت لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەی دوومانگە کە گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە. جێگای ئاماژەیە کە ئەم دووکەسە لە هیچ یەک لە قۆناغەکانی پیڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیان مافی هەبوونی پارێزەریان نەبووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هاوژینی ئەم دووژنە لە مووسڵ کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە