ڕاپۆرتێک لە سەر ناسکێ ئیسماعیلی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ناسکە ئیسماعیلی تەمەن ٢٤ ساڵ کە قوربانیی منداڵ هاوسەرییە نزیکەی شەش مانگ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٢:٣٢


هەنگاو: دووشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ناسکێ ئیسماعیلی تەمەن ٢٧ ساڵ نزیکەی شەش مانگ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە کە هەتا ئێستا هەواڵی دەستبەسەرکرانەکەی میدیایی نەبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ناسکێ ئیسماعیلی زستانی ساڵی ڕابردوو (سەرەتای ژانویەی ٢٠٢٢) دوای ئەوەی لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

جێگای باسە کە، هاوژینی ناسکێ ئیسماعیلی ٦ ساڵ پێش بە بیانووی چوون بۆ ئەورووپا ناوبراوی بردووەتە سووریا و پەیوەست بوون بە ڕێکخراوی داعش. ناسکە دوای ١٤ مانگ توانیویەتی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵبێت و خۆی ڕادەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بکات. ناوبراو دواجار دوای زیاتر لە ٤ ساڵ مانەوە لە کەمپی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک زستانی ڕابردوو گەڕاوەتەوە ئێران و خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە کاتی دەستبەسەرکران ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەروونی و جەستەیی ناسکێ یان داوە. 


هەنگاو وێڕای میدیایی کردنەوەی ئەم هەواڵە داوا دەکات کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ گرنگی زیاتر بە دۆسیەی ناسکێ ئیسماعیلی و ناڕوونی چارەنووسی پاش شەش مانگ دەستبەسەرکران بدەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە