ڕاپۆرتێک لە سەر کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە ماکۆ

هەنگاو: حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە هاووڵاتییەکی کو

٣ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٢٣:٥٣

 

هەنگاو: حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە هاووڵاتییەکی کوردیان کوشتووە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن دوای کوشتنی ئەو هاووڵاتییە کوردە دوو کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون کە تەمەنی یەکێکیان ١٦ ساڵ بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلیوەی ٢٧٢١ (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە لە گوندی “مولیک” سەر بە شاری ماکۆ کە لە سنووری ئەو شارە لەگەڵ تورکیا هەڵکەوتووە، ماڵی هاووڵاتییەکی کوردیان گەمارۆ داوە و بە چەکی سووک و نیمەقورس تەقەیان لەو ماڵە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “ئەحمەد ئەرسەن” تەمەن ٤٠ ساڵ بە سەختی بریندار کراوە. شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەحمەد ئەرسەن لەحاڵێکدا بە سەختی بریندار کرابوو، لەلایەن هیزەکانی سپاوە لە پەتوویەک (بەتانییەک) پێچراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و دوای دوو ڕۆژ بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئەحمەد گیانی لە دەست داوە.

هەمان ڕۆژ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “شارام ئەرسەن” تەمەن ١٦ ساڵ کە خۆشکەزای ئەحمەد بووە و هەروەها کەسێکی دیکە بە ناوی “عەلی” کە نازناوەکەی نەزانراوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراون.

بە وتەی شایەتحاڵەکان دوو کەسی دیکە لە ناو ئەو ماڵە بوون کە توانیویانە دەرباز بن. یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی گرووپێکی سەر بە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان ئەو ماڵەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەرسەن لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەوە بدەن و یان تەرمەکەی ئەحمەد ڕادەست بکەنەوە، بنەماڵەکەمانیان ناچار کردووە کە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ بگرین.

جێگای ئاماژەیە کە شارام دوای یەک حەوتوو بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە، بەڵام لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی عەلی هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نییە.

ئەحمەد ئەرسەن خەڵکی گوندی پۆڵاکەند و شۆفیری تەکسی بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە