ڕاپۆرتێک لە سەر ئەمین مەلەکی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی سەقز

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

١٧ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٢٢:١٧

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بەندکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “ئێرانشا”ی سەقز بە ناوی “ئەمین مەلەکی” ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (١٨ی مارسی ٢٠٢١) لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و هەر ئەو ڕۆژە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) ئەو سزایەی بە سەر ناوبراودا سەپاند.

ئەمین مەلەکی تەمەن ٥٦ ساڵ پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی ئەماننامەی لە ئیدارەی ئیتلاعات وەرگرتبوو، گەڕابوویەوە بۆ شاری سەقز. ناوبراو دوای گەڕانەوە دەستبەسەر و پاش پێنج مانگ دەستبەسەرکران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و سەقز بە بارمتە ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە ئەمین مەلەکی ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢) لەلایەن  دادگای سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حدک سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای یەکساڵ بەندکران کاتێک چووبووە مرەخەسی، ئێرانی بەجێهێشتبوو و ئێستا لە بەر دۆسیەی ١٠ ساڵ پێشی لە بەندیخانەیە.

دۆسیەی نوێی ئەمین مەلەکی کە تێیدا ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە ئێستا چووەتە دادگای پێداچوونەوە .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە