ڕاگواستنی زەینەب جەلالیان بۆ شوێنێکی نادیار

هەنگاو: زێنەب جەلالیان بەندکراوی سیاسیی کورد و تەنیا ژنی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی لە ئێران، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری خ.

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٢٠:١٠

 

هەنگاو: زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسیی کورد و تەنیا ژنی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی لە ئێران، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری خۆی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی آوریلی ٢٠٢٠)، زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆی ڕادەگیرابوو، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەوە نووسیویە ”گرووپێک لە هێزە ئەمنیەتییەکان چوونەتە بەندیخانەی خۆی و بەبێ هۆکارێکی ڕوون زەینەب جەلالیانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە”.

 

بەرپرسانی گرتووخانەی خۆی بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە دۆسیەیەکی نوێ بۆ زێنەب کرابێتەوە و بە مەبەستی لێپیچینەوە بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی تاران ڕاگوێزرابێت.

 

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە گوندی دیم قشلاقی ماکۆ لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکوومەتی ئێراندایە.

 

ناوبراو ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران حوکمی ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا ”موحارێبە” لەڕێگای ئەندامەتیی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ”پژاک” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

 

حوکمی سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە و پاشان لە ساڵی ٩٠ و بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی ”خامنەای”ـەوە بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.

 

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە هەتا سەرماوەزی ٩٣ی هەتاوی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا ڕاگیرا و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی بۆ ٥ مانگ لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران ڕاگوێزرابوو.

 

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە نێوان بەندکراوانی سیاسیی ژن لە ئێراندا قورسترین حوکمی بەسەردا سەپاوە، ساڵی ٩٣ی هەتاوی پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی و بەدواداچوونی ئەوان و قبووڵکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە