ڕاگواستنی محەممەد نەزەری و دوو زیندانیی سیاسیی دیکە بۆ شوێنێکی نادیار

٢٨ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢١:٣٠
هەنگاو: سێ زیندانیی سیاسیی کورد کە حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە وێڕای کەلوپەلەکانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو"، سێ زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە بەندی ٤ی هۆڵی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ئەمڕۆ ٢٨ی بەفرانبار، بەپێی فەرمانی بەرپرسانی زیندان بۆ شوێنێکی نادیار لە دەرەوەی زیندان ڕاگوێزراون. ناوی ئەو زیندانییانە "عومەر فەقیهـ پوور" خەڵکی مەهاباد، "محەممەد نەزەری" خەڵکی ساین قەڵا و "خالید فەرەیدوونی" خەڵکی مەهاباد کە هەر سێکیان سزای زیندانی هەتاهەتایی‌یان بەسەردا سەپاوە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. ئەو زیندانییە سیاسییانە کە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" دەستبەسەر کرابوون، لە "دادگاکان"ی ڕێژیمی ئێران سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە. هەتا ئێستا لە هۆکاری ڕاگواستنی ئەو زیندانییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە، بەڵام دەوترێ لەوانەیە ڕاگواستنی ئەو زیندانییانە بەهۆی داواکارییان لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان، بووبێت. ئەو سێ زیندانییە کە پێشتریش لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان، چەندین نامەیان ئاراستەی بەرپرسانی زیندان کردووە، هەتا ئێستا لە هەر چەشنە مەرەخەسییەک بێ‌بەش کراون. خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقیهـ پوور ساڵی ١٣٧٩ دەسبەسەر کراون و دواتر سزای قورسی زیندانی هەتاهەتایی‌یان بەسەردا سەپا و لە کۆتاییشدا بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران. محەممەد نەزەری کە حوکمی زیندانی هەتاهەتاییی بە بڕاوەتەوە، ٢٣ ساڵە لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران دایە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە