ڕاگەیەندراوی دەفتەری یاساییی هەنگاو لە سەر هەڕەشە لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٢:٢٩

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە کە بە مەبەستی چاوەدێری بە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، چالاکییەکانی خۆی لە ساڵی ٢٠١٦ەوە  لە شاری هەولێر دەستپێکردووە. هەر لەو پەیوەندییەدا ئەم ڕێکخراوەیە وەکوو ڕێکخراوێکی ناحوکمی  لە وڵاتی نۆروێژ بە شێوەی یاسایی تۆمار کراوە و لە وڵاتانی ئەورووپاییش چالاکیی بەردەوامی هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا ئامار و ڕاپۆرتە بەڵگەمەندەکانی هەنگاو لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بەردەوام یەکێک لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها وڵاتانی پێشەنگ لە سەر پرسی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ بووە.

بەردەوامبوونی چالاکییە مافی مرۆڤییەکانی هەنگاو بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی بەڵگەمەند لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بەردەوام هاوکارانی ئەم ڕێکخراوەی خستووەتە بەر هەڕەشە و ئازاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بە جۆرێک کە هاوکارانی ئەم ڕێکخراوە تەنانەت لە وڵاتانی ئەورووپاییش چەندین جار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.

لە نوێترین حاڵەتدا ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەی جیدییان لە دوو ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە بە ناوەکانی ژیلا موستەئجێر و ئەرسەلان یارئەحمەدی کردووە کە لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بانگ کردنی بەردەوام و نایاسایی ئەندامانی بنەماڵەی ئەم دوو کەسە لە ناوخۆی ئێران و باسکردنی تایبەتیترین باسەکانی ژیانی ئەو دوو کەسە بە بنەماڵەکانیان وتووە کە ئێمە زانیاریی تەواومان لە سەریان هەیە و هەڕەشەیان کردووە کە بە زوویی کردەوەی تایبەتمان بەرانبەریان دەبێت.

دەفتەری یاساییی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەمجۆرە هەڵسوکەوتە نامرۆڤانه و نایاساییەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداو یان هەڕەشە و مەترسییەکی گیانی دژ بە ئەندامانی خۆی، دەخاتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی کوردی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان تیرۆر کردووە.

لەو پەیوەندییەدا دەفتەری یاساییی هەنگاو وێڕای ئاگادار کردنەوەی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان و میدیاکان لە هەموو تواناکانی خۆی بۆ پارێزگاری کردن لە ئەندامەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

دەفتەری یاساییی هەنگاو

٨ی جولای ٢٠٢١
١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢١


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە