ڕۆژنامەنووسێکی کورد دوای ئەوەی لە لایەن تورکیاوە دیپۆرتکرایەوە دەستبەسەر کراوە

هەنگاو: نەسروڵلا لەشەنی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی پێشوو لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بۆ ئێران دیپۆرت کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانی

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٥:٤٤


هەنگاو: نەسروڵلا لەشەنی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی پێشوو لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بۆ ئێران دیپۆرت کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەستبەسەریان کردووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەسروڵڵا لەشەنی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی لوڕستان کە ماوەی چەند مانگێک لە هەرێمی کوردستان بووە و دوایی ڕووی لە وڵاتی تورکیا کردووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر و دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە.


ئەو ڕۆژنامە نووسەوە دوای ئەوەی کە ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان (٦ی ژوئەن) لە ڕێگای شاری خۆی دیپۆرت کراوەتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگای تەلەفوونەوە بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە دەستبەسەر کراوە.


هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە شوێنی ڕاگرتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە نەزانراوە.


نەسروڵڵا لەشەنی لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران (ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی) لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ساڵی دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆرشی تاران بە تۆمەتی کۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی حکوومەت حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ قەدەغە کرا.


ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (٢٠١٦) دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرا.


نەسروڵڵا لەشەنی پاییزی ڕابردوو دوای ئەوەی لە بەندیخانە هاتە مرەخەسی ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و چەند حەفتە پێش ئێستا چووەتە وڵاتی تورکیا و لەوێوە دەستبەسەر و دیپۆرت کراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە