ڕێبوار عەبدوڵڵایی چالاکی کرێکاری کورد سزای دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

ڕێبوار عەبدوڵڵایی چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە کە زستانی ساڵی پار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرابوو. لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی

٤ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٤:٤٠


هەنگاو: سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

ڕێبوار عەبدوڵڵایی چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە کە زستانی ساڵی پار لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرابوو. لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٦ی جولای ٢٠٢٢) بە فەرمی پێی ڕاگەیاندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دانیشتنی دادگای ڕێبوار عەبدوڵڵایی ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕ (٢٧ی ژوئەن) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوەچوو و ناوبراو لە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە بێبەری کرا و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێبوار عەبدوڵڵایی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٢) لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵی خۆی و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ بەندکران ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەممە (٩ی مارس) بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێبوار عەبدوڵڵایی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە، لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.


جێگای ئاماژەیە کە ڕێبوار عەبدوڵڵایی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ هاوکاری کردن بە مەبەستی پێکهێنانی گرووپی کرێکاری بووە و ساڵی ٢٧١٤ (٢٠١٤) دەستبەسەر و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی سزا یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە