ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە پێدانی مافی مرەخەسی بە ئاران تیباش

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و بەو حاڵەش بەرپرسانی بەندیخانەی لە

٢٦ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١١:٥٢


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و بەو حاڵەش بەرپرسانی بەندیخانەی لە مافی مرەخەسی بێبەشیان کردووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە ڕێگری دەکەن لە ئەوەی ئاران (مەجید) تیباش مافی مرەخەسی پێ بدرێت. ئەو ڕێگری کردنە لە کاتێکدایە کە پیدانی مافی مرەخەسی بە ناوبراو بەپێی بڕیاری دەزگای دادوەریی ئێران ئاساییە و ناوبراو دەتوانێ بچێتە مرەخەسی.


بە پێی بڕیارێک کە رەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەکانی ئێران دەری کرد، ئەو بەندکراوە ئەمنیەتیانەی کە حوکمەکەیان ژێر ٥ ساڵە و یەک لە سەر شەشی ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕاندووە و ئەو بەندکراوانەی کە کێشەیان لە کۆئەندامی هەناسەیان هەیە و یان چەورییان هەیە، دەبێ بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن.


ڕێگری کردنی بەرپرسانی بەندیخانە لە کاتێکدایە کە ئاران تیباش ١٠ مانگ لە ماوەی حوکمەکەی (یەک لە سەر شەش)ی تێپەڕاندووە و لە بەندیخانە تووشی نەخۆشی لیپۆم بووە و لە چەندین شوێنی لەشی گرێی چەوری دروست بووە.


هەرچەند کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە لە نەخۆشخانەی خومەینی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا، بەڵام ئەو گرێیانە دیسان سەریان هەڵداوەتەوە. بەو حاڵەشەوە، موختاری، دادوەری چاوەدێر و دوکتور ئوسوولی ڕێگری لە ئازادی ئاران تیباش دەکەن و بیانووی ئەوە دێننەوە کە دەبێ یەک لە سەر سێی ماوەی حوکمەکەی تێپەڕێنێت هەتا ئیزنی مرەخەسی پێ بدرێت.


ئاران تیباش کە حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێدنراوە، لە بەندیخانە بە هۆی نالەباری شوێنی ڕاگیران، تووشی نەخۆشینی لیپوم بووە و لە چەندین شوێنی لەشی گرێی چەوری دروست بووە و مانگی ڕەزبەر لە کاتێکدا دەست بەند و پاوانەی بە دەست و پێوە بوو لە نەخۆشخانەی خومەینی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا.

ئاران تیباش کوری خالد و خەڵکی گوندی دەزەی مرگەوەر، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧١٨ ( ١٦ی دسامبری ٢٠١٨) دوای بانگ کران بۆ ناوەندی هەواڵی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ بە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


ناوبراو دواجار کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفی، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیەوە بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧١٩ ( ٨ی ژوئیەی ٢٠١٩)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٤ ساڵ حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.


ئەو بەندکراوە سیاسیە پیشتر لەلایەن حیراسەتی زانکۆی ئیلمی کاربوردی ئورمیە لە مافی خوێندن بێبەش کرابوو و ٦ ساڵ پێشیش جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە