ڕێگری لە پێدانی مرەخەسی بە نەرمین ئەحمەدئابادی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦١ ساڵی کورد

بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ چەندەمین جار دژایەتیی داوای وەرگرتنی مافی مرەخەسی نەرمین ئەحمەدئابادی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦١ ساڵی کوردیان کرد.

٣ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٠:٥٢


هەنگاو: پێنجشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢

بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ چەندەمین جار دژایەتیی داوای وەرگرتنی مافی مرەخەسی نەرمین ئەحمەدئابادی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٦١ ساڵی کوردیان کرد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بۆ چەندەمین جاری ڕێگرییان کردووە لە پێدانی مافی مرەخەسی بە نەرمین ئەحمەدئابادی بەندکراوی سیاسی و بەساڵاچووی خەڵکی بۆکان کە ماوەی پێنج مانگە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بێ مافی مرەخەسی ڕاگیراوە.

نەرمین ئەحمەدئابادی هاووڵاتیی تەمەن ٦١ ساڵی خەڵکی بۆکان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ئازادی کوردستان (پاک) سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو: «دانیشتنی تایبەت بە پێ ڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵ خراوەکانی نەرمین ئەحمەدئابادی بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە چووە و بە پێی ئەو سزای کە دەرکراوە ناوبراو سزای ١ ساڵ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە.

هەنگاو زانیویەتی کە نەرمین ئەحمەدئابادی لەو کاتەوە کە دەستبەسەر کراوە و تەنانەت لە کاتی دادگایی کردنەکەشی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

نەرمین ئەحمەدئابادی سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازراوەتەوە. ناوبراو دوای تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوە مانگی ڕابردوو بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە و ئێستا لەم بەندیخانەیە ماوەی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە