ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکان لە بەشداری سەعید ڕەشیدی لە پرسە و سەرەخۆشیی باوکی

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا باوکی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی بانە کۆچی دوایی کرد و ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنی ب

٦ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٣:٤١

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا باوکی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی بانە کۆچی دوایی کرد و ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنی بەشداری کردنی ئەو بەندکراوەیان لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی باوکی نەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٢٤ئ دێسامبری ٢٠٢١)، باوکی سەعید ڕەشیدی یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی مانگی خەزەڵوەری بانە کۆچی دوایی کرد و دوای ٤ ڕۆژ هێشتا ئیدارەی ئیتلاعات ئیزنی نەداوە کە سەعید ڕەشیدی لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی باوکی بەشداری بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەشیدی، ئەوان هەر لەیەکەم ڕۆژەوە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە و داوای ئازادی کاتی سەعید ڕەشیدییان کردووە هەتا لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی باوکی بەشداری بکات، بەڵام نەک ئیزنیان نەداوە بەڵکوو پاش چوار ڕۆژ هێشتا ئیزنی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و تەنانەت پەیوەندی تەلەفوونیشیان بە ناوبراو نەداوە.

سەعید ڕەشیدی خەڵکی گوندی چۆمان سەر بە شاری بانەیە کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی خەەزەڵوەر (١١ی نۆڤەمبر) لەگەڵ نزیکەی ٢٠ کەسی دیکە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە زاگرۆس ڕەشیدی کوڕی سەعید ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

مافی بەڕێوەبردنی سەرەخۆشی و بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی نزیکەکان یەکێک لە مافە دەستبەبەر کراوەکانی مرۆڤە بەپێی پێوە جیهانییەکانی مرۆڤ، مافێک لە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوام بە نیسبەت بەندکراوانی سیاسی کورد پێشێل کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە