ڕەحیم مەحموودی ئازەر مانی لەخواردن گرت

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە، مانی لە خواردن گرت.

٦ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٢:٥٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە، مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەحیم مەحموودی ئازەر، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە، لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢٥ی فیوریەی ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە قەبووڵ نەکردنی داوای ئازادی بەمەرج لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

ڕەحیم مەحموودی ئازەر تەمەن ٢٢ ساڵ ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٣ی مارسی ٢٠١٩) لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی ”مستەفا قادر زەینەب“ کە لە ناو ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوون، لە شاری حەلەب خۆیان ڕادەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد کرد و دواتر لەلایەن ئەوانەوە ڕادەستی سپای پاسداران کرابوون.

ئەو دوو لاوە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەف زادە هەر کامەیان حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە بە پێی یاسا ٥ ساڵی جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ئەو حوکمە ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی ”کۆبوونەو تەبانی“ حوکمی ٥ ساڵ و بە تۆمەت ”پڕووپاگەندە دژ بە حکوومەت حوکمی ١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

حوکمی ئەو دوو هاووڵاتییە دوادتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە پشتڕاست کرایەوە و بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزا ئیسلامییەکان، زیاترین حوکمیان واتە ٥ ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

ڕەحیم مەحموودی ئازەر لە دوو ساڵ پێشەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە و مستەفا قادر زەینەب بە بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە