ڕەزامەندی سەردۆزگەری یەزد لەگەڵ ئازادی والی دروودی و عومەر ئیمامی پاش ٢٤ ساڵ بەندکران

هەنگاو: سەردۆزگەری یەزد ڕەزامەندی خۆی بۆ ئازادی دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٢٤ ساڵە لە بەندیخانەکانی کرماشان و یەزد ڕاگیراون، دەربڕیوە.

١٧ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٨:٢٠

 

هەنگاو: سەردۆزگەری یەزد ڕەزامەندی خۆی بۆ ئازادی دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٢٤ ساڵە لە بەندیخانەکانی کرماشان و یەزد ڕاگیراون، دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەردۆزگەری یەزد ڕەزامەنی خۆی بە نیسبەت ئازادی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ”والی دروودی“ و ”عومەر ئیامی“ کە ٢٤ ساڵە لە بەندیخانە ڕاگیراون، نیشان داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، سەردۆزگەری یەزد دوای ئەوەی ڕەزامەندی لە سەر ئازادی ئەو دوو کەسە نیشان داوە، نامەیەکی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ناردووە هەتا لە ماوەی یەک مانگدا ئەوان بڕیاری کۆتایی لەوبارەوە بدەن و ئەگەر ئیتلاعاتی کرماشان ڕەزامەندی نیشان بدات، ئەوا ئەو دوو بەندکراوە ئازاد دەبن.

عومەر ئیمامی لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان و والی دروودی لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٥ی هەتاوی (مانگی مەی ١٩٩٦) دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی شاهۆ هاوڕێ لەگەڵ دوو پێشمەرگەی دیکە بە ناوەکانی ”محەمەد مورادی“ و ”عەلی ساڵحی“ بە دیل گیران.

لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ، دادگای شۆڕشی کرماشان ئەو چوار کەسەی بە تۆمەتی موحاربە (دژایەتی خودا) لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات بە بەندکران مەحکووم کرد کە دوای ١٠ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری یەز دوور خرانەوە.

بە پێی ئەو حوکمە هەر یەک لە والی دروودی خەڵکی کامیاران و عومەر ئیمامی خەڵکی جوانڕۆ حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی و عەلی ساڵحی خەڵی ڕوانسەر و محەمەد مورادی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو حوکمی ٢٠ سا بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

عەلی ساڵحی و محەمەد مورادی دوای تەواوبوونی ماوەی ٢٠ ساڵەی حوکمەکیان لە بەندیخانە ئازاد بوون و حوکمی والی دروودی و عومەر ئیمامی دوای ٢١ ساڵ بەندکران لە بەندکرانی هەتاهەتاییەوە بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە والی دروودی دوای ١٧ ساڵ و عومەر ئیمامی دوای ١٨ ساڵ بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسییان پێدرا. هەروەها ئەو دوو کەسە لەکاتی بەدیل گیران لەشەڕدا بریندار ببون کە هەتا ئێستاش چارەسەریی پێویستیان بۆ ئەنجام نەدراوە.

والی دروودی لە ماوەی بەندکرانیدا دایکی گیانی لە دەست داوە و هەروەها تاقە کچەکەشی مێردی کرد، بەو حاڵەش بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەدا کە لەو دوو بۆنەیەدا بەشداری بکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە