ژمارەی دەستبەسەر کراوانی مەهاباد گەیشتە ٧ کەس

هەنگاو: بە ئاشکرا بوونی ناوی هاووڵاتییەکی دیکە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کراوە، ژما

٢٢ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٢:٠٩

 

هەنگاو: بە ئاشکرا بوونی ناوی هاووڵاتییەکی دیکە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کراوە، ژمارەی دەستبەسەر کراوانی ئەم شارە گەیشتە ٧ کەس.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ بەفرانباری ٢٧٢١ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لانیکەم حەوت هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە. هەنگاو پێشتر ناسنامەی شەش کەس لەو دەستبەسەر کراوانەی بڵاو کردبووەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهاباد بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، لەو ڕۆژەدا لاوێکی ٢١ ساڵە بە ناوی "سۆران حسێن زادە"ش کە لە چالاکانی مەدەنییە و لە بواری شانۆشدا چالاکیی هەیە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو پێشتر لە دوو ڕاپۆرتی جیاوازدا هەواڵی دەستبەسەر کرانی شەش هاووڵاتیی دیکەی مەهابادی بە ناوەکانی دەریا تاڵەبانی، شەپۆل خزری، سالاری ڕەهەوی، ئەفشین مام ئەحمەدی، سیروان نووری و ئیمانی عەبدیی بڵاو کردبووە کە هەموویان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی ئاماده کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەو حەوت هاووڵاتییە و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵیان نەزانراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو حەوت کەسە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە