ژنێکی سنەیی بە پاساوی نامووس لە لایەن براکانییەوە سەری بڕدرا

هەنگاو: ژنێکی ٣١ ساڵەی خەڵکی سنە بە پاساوی "نامووس"ـەوە بە دەستی بنەماڵەکەی کوژرا.

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١١:١٧

 

هەنگاو: ژنێکی ٣١ ساڵەی خەڵکی سنە بە پاساوی "نامووس"ـەوە بە دەستی بنەماڵەکەی کوژرا.


بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠)، ژنێکی لاو بە ناوی "سەرگوڵ حەبیبی" تەمەن ٣١ ساڵ، لە گوندی سوورازە کە لە چەند کیلۆمەتریی شاری سنە هەڵکەوتووە، بە پاساوی نامووسەوە بە شێوەیەکی بێبەزەیییانە سری بڕدرا و جەستەی بە تایبەت سکی چەندی چەقۆی لێدراوە.

سەرگوڵ حەبیبی بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی توارمەڵای سەر بە شارۆچکەی کەلاتەرزان و دانیشتووی گەڕەکی "کەمەربەندیی ٢٥"ی شاری سنە و دایکی دوو مناڵی ساوا بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئافرەتە ماوەیەک لەمەوبەر، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ لاوێک لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی گەڕەکەکەوە دەستبەسەر کرابوو بەڵام هەردووکیان پاش ڕۆژێک ئازاد کرابوون.

تەرمی سەرگوڵ حەبیبی ڕۆژی دووشەممە لە گۆڕستان محەمەدیی شاری سنە و لە بێدەنگیی تەواوی ڕاگەیاندنەکان و بە بێ بە ڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بە خاک سپێردرا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچکام لە براکانی ئەم ژنە ڕووبەڕووی هیچ بەدواداچوون و سزایەکی یاسایی نەبوونەتەوە. 

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراوە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٧١٩وە تا ئێستا، لانی کەم چوار ژن بە بیانووی نامووسەوە لە کوردستان بە دەستی بنەماڵە و کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە