ژنێکی چالاکی کورد لە ئورومیە حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: دایک و کچێکی خەڵکی ئورمیە کە ماوەی ١١ مانگە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراون، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە دادگایی کران.

٤ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٢:١٥


هەنگاو: دایک و کچێکی خەڵکی ئورمیە کە ماوەی ١١ مانگە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراون، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە دادگایی کران.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٠( ٢١ ژوئیەی ٢٠٢٠)، دانیشتنی دادگای دوو بەندکرای سیاسی لە بەندیخانەی ئورومیە بە ناوەکانی " شاناز(بێریڤان) سادقی فەڕ" و کچەکەی بە ناوی "ئایناز زارع" لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورومیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بەڕێوە چوو.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شاناز سادقی فەڕ تەمەن ٣٢ ساڵ، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک) حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرای بە سەردا سەپا و بە فەرمی ئەو حوکمەیان پێ ڕاگەیاندووە. تا ئێستا هیچ حوکمێک بۆ ئایناز زارع رانەگەیەندراوە.


شاناز پێشتر ماوەی ٣ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان( پاک) بووە و خەرمانانی ساڵی رابردوو پاش دابڕان لەو پارتە لە گەڵ کچە ١٥ ساڵەکەی لە رێگای سنووری بانەوە گەڕایەوە ئێران و هەر لەویەدا دەستبەسەر کران.


یەکێک لە نزیکەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە هەنگاوی راگەیاند کە شاناز سادقی فەڕ پێش گەڕانەوەی بۆ ئێران ئەمان نامەی وەرگرتبوو، بەڵام پاش گەڕانەوە دەستبەسەر کراوە و حوکمی قورسی بە سەردا سەپاوە.


شاناز سادقی فەڕ و کچەکەی بە ناوی ئایناز زارع پاش دەستبەسەرکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورومیە راگیرابوون و خەزەڵوەری ساڵی پار بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بەڕێ کراون.


شایانی باسە لە ١١ مانگی رابردوودا هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو دایک و کچە میدیایی نەبووە و هەنگاو یەکەم سەرچاوەیە کە هەواڵی دەستبەسەر کرانیان بڵاو دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە