ژینا ئەمینی بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەست دا

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٢، ٠٦:٤٨


هەنگاو: هەینی ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە کۆما نیوەڕۆی هەینی ٢٥ی خەرمانان لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەست دا.

بنەماڵەی ئەمینی لەلێدوانێکدا بۆ هەنگاو هەواڵی گیان لەدەستدانی کچەکەیان بۆ هەنگاو پشتڕاست کردەوە.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن گەشتی ئێرشاد دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزەرای ئەو شارە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران بە باتۆم دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و تا ئێستا ئاستی وشیاری ٣ ڕاگەیەندراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان ڕاگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.

هەنگاو زانیویەتی بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا ڕاگیراوە و بەڵام ئیزنیان نەدا فیلم هەڵبگرن، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە جەستەی ژینا ڕەش و شین بووە و ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە.

ئەندامێکی بنەماڵەی ئەمینی ڕۆژی ڕابردوو بە هەنگاوی وتبوو کە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کردووە کە نابێت بە هیچ شێوە لەو بارەوە لەگەڵ میدیای دەرەکی قسە بکەن.

ژینا ئەمینی منداڵی یەکەمی خێزانێکی شەش کەسییە کە ئەمساڵ بۆ زانکۆ وەرگیرابوو و بڕیاربوو کە لە زانۆکی ئورمیە درێژە بەخوێندن بدات.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە