ڤیان محەمەدی خوێندکاری کورد دوای دەستبەسەر کران بۆ ئورمیە گوازرایەوە

ڤیان محەمەدی خوێندکاری کورد دوای دەستبەسەر کران بۆ ئورمیە گوازرایەوە

12:12 - 7 May 2021

 

هەنگاو: حەوتووی ڕابردوو  کچە خوێندکارێکی کورد لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٣٠ی ئاوریلی ٢٠٢١)، ویان محەمەدی، خوێندکاری بەشی کارگێڕی زانکۆی تاران  کە خەڵکی شاری مەریوانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تاران دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ١٨ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڤیان محەمەدی و وێڕای ئازاری ئەندامانی بنەماڵەکەی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و دەستیان بە سەر کەرەستە تایبەتییەکانی وەکوو کۆمپیوتەر، مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی لەمبارەوە بە هە نگاوی ڕاگەیاند کە ڤیان محەمەدی دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە و لەوێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گوازراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی ویان محەمەدی نەزانراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵدا بگرن بێ ئاکام ماوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، فەرامەرز محەمەدی، هاوژینی ڤیان محەمەدیش ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١) هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کرانی بە کۆمەڵی لاوانی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تاران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای سنە گوازرابوویەوە. ناوبراو دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.