کارنامەی مافی مرۆڤیی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کوردستان لە یەکەم ساڵی سەرۆککۆماریدا

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ دەستپێکی دووەمین ساڵی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئێراندا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی ما

١٢ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:٢١


هەنگاو: چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ دەستپێکی دووەمین ساڵی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئێراندا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ساڵی یەکەمی سەرۆککۆماریی ڕەئیسی لە ئێراندا بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢١ هەتا ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢١ هەتا ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لانی کەم ٦٤ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٢١ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣٤ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٤٣ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٦ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.


سێدارە
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی یەکەم ساڵی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی، لانی کەم سزای سێدارەی ٦٤ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی و فیرووز مووسالوو دوو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ٤٧ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٢ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ٢ کەس بە تۆمەتی دزیی چەکدارانە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.


لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تۆمەتبارێک بە ناوی سەجاد سەنجەری خەڵکی مایەشتی کرماشان کە لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان ببوو و هەروەها ٣ ژن لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە جێبەجێ کراوە.


کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن
لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا لانی کەم ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٣٩ کەسیان کوژراون و ٢٦١ کەسیان بریندار بوون.


زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی کە ١٧٦ حاڵەت بووە. لە پارێزگای سنە ٨٧ کۆڵبەر و لە پارێزگای ئورمیەش ٢٦ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.


هەروەها، لە کۆی ئەو ٢٩٠ حاڵەتە، ١٩١ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین و... بووە.

لەو ساڵەدا لانی کەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.


کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەو ماوەیەدا، لانی کەم ٣٤ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٥ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و١٩١٥ کەسیان بریندار کراون.


لە کۆی ئەو ٣٤ کەسە ٨ کەسیان ژن و ٥ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٠ ساڵ و منداڵ و مێرمنداڵ بوون.



تەقینەوەی مین
لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٤٣ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە سوپای پاسداران لەم دوایانەدا چاندوویەتی بوونەتە قوربانی.


لەو ڕێژەیە ٨ کەسیان گیانیان لە دەست داوە ٣٥ حاڵەتیش بریندار بوون.


زیاترین قوربانییەکان بە ٢٨ حاڵەت کۆڵبەران، کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون بوون و زیاترین قوربانی لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە کە ١٧ حاڵەت بووە، لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە ٩ حاڵەت و لە پارێزگای ئورمیەش ٨ حاڵەت تۆمار کراوە.


بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ٣٩.٥٪ی قوربانیان تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوودا ژنان و مێرمنداڵان بوون کە بریتییە لە ٧ ژن و ١٠ مێرمنداڵ و منداڵ.



دۆخی بەندیخانەکان
لە ساڵی یەکەمی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی لانی کەم ١٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ٨ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ٧ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.


هەروەها، ٢ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و ٣ بەندکراو خۆیان کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە. گیان لەدەستدانی دوو بەندکراویش گوماناوی بووە.


دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە
لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


هەتا ئێستا ناسنامەی ٥٦٠ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان کە ٤٣٨ حاڵەت بووە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها لەو ماوەیەدا ١٠٩ چالاکی مەدەنی و پیشەیی، ٦ چالاکی مەزهەبی و ٧ کۆڵبەر و کاسبکار دەستبەسەر کراون.


هەروەها، لەو ژمارەیە ٤٥ کەسیان ژن و ٣١ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. لەم ساڵدا ٢ چالاکی بواری میدیا، ٤ خوێندکار، ٦٢مامۆستای قوتابخانە و پارێزەرێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاترین ڕێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان بە ٢٧٨ حاڵەت لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگاکانی ئورمیە ٢٣٠ حاڵەت، کرماشان ٣٦ حاڵەت و ئیلام ١٦ حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراوە.


سەپاندنی سزا
لە ماوەی ساڵی یەکەمی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسیدا، لانی کەم ١٢١ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.


بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١١٩ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٢٤٢ ساڵ و ٢ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٢٤٠ قامچی و هەروەها ٩ ساڵ و ١١ مانگ و ٤ ڕۆژ بەندکرانیی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە و دوو چالاکی سیاسیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.


بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردوودا مامۆستایەکی قوتابخانە، ٤ چالاکی بواری میدیا، ١٤ چالاکی ژن و مێرمنداڵێکی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە