کامران تەکووک شاعیر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان دەستبەسەر کرا

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی کرماشان دوای بانگ کران بۆ ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر کرا.

٢٣ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٠:٢٩

 

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی خەڵکی کرماشان دوای بانگ کران بۆ ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠:٣٠ی خولەکی پیش نیوەڕەی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢٢)، کامران تەکووک، شاعیر و چالاکی مەدەنی خەڵکی گەڕەکی سەراو قەنبەری کرماشان دوای بانگ کران بۆ ئیتلاعاتی سپای کرماشان دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی تەکووک، کامران تەکووک دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا تیپی نەبی ئەکرەم گوازراوەتەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ئیتلاعاتی سپا بە بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییەیان وتووە: “ناوبراو بە هۆی چالاکییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیستاگرام و هەروەها وتوێژی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کراوە”.

دوو حەوتوو پێش کامران تەکووک هەر بەم تۆمەتە لەلایەن ئیتلاعاتی سپا بانگ کرابوو و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتابوویە سەر ماڵی کامران تەکووک، بەڵام ناوبراو لەماڵ نەبووە و هەربۆیەش بە بنەماڵەکەیان وتووە کە “ڕۆژی چوارشەممە خۆی مۆبایل و باقی کەلووپەلە تایبەتییەکانی بهێنێتە ئیتلاعاتی سپا و ڕادەستی بکات”.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە