کاوه سولەیمان پوور دوای ٧٠ ڕۆژ بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد دوای ٧٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٣:١٧

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد دوای ٧٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاوە سولەیمان پوور، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی مەهاباد دوای زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و مەهاباد و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاوە سولەیمان پوور لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و ناوەندە ئەمنییەکان ناوبراویان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کردووە.

کاوه سولەیمان پوور ڕۆژی شەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە دیار سولەیمان پوور برای چووکەی کاوە سولەیمان پوور ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر (٩ی ئۆکتۆبر) دەستبەسەر و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە