کرێکارانی شارەوانی ڕوانسەر لە سەرەتای بەهارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە

کرێکارانی شارەوانی ڕوانسەر لە سەرەتای بەهارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە

12:19 - 20 September 2021

 

هەنگاو: دەیان کەس لە کرێکارانی شارەوانی ڕوانسەر لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و ژیانیان لە بارودۆخیکی زۆر نالەباردایه.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ٩٢ کرێکاری بەشی خزمەتگوزاری  شارەوانیی ڕوانسەر شەش  مووچەی مانگانەی خۆیان وەرنەگرتووە و بەرپرسانیش تا ئێستا بێدەنگن.

یەکێک لە کرێکارانی شارەوانیی ڕوانسەر لەمبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاو ڕاگەیاند:" ئێمە کرێکارانی شارەوانی ڕوانسەر لە بارودۆخێکی زۆر نالەبار دەژین و سەرەڕای ئەوەی نرخی هەموو کەل و پەلەکان زۆر لەسەروەیە م ماوەی ٦ مانگە هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە و بەردەوام ناچارین بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان و کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیان لە خزم و کەس و کار قەزر بکەین و تەنانەت دوکاندارەکانیش کەل و پەلمان بە قەرز پێ نادەن.”

ئەم کرێکارە کە ناسنامەی لای هەنگاو پارێزراوە لە درێژەدا ڕایگەیاند:" ئیستا بە هۆی کرانەوەی قوتابخانەکان لە بەر ئەوەیکە هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە، ناتوانین کەل و پەل و پێداویستی منداڵەکانمان دابین بکەین".

هەنگاو زانیویەتی بەرپرسانی شارەوانی، ئەنجومەنی شار و تەنانەت فەرمانداری (قایم مقام) ڕوانسەر گوێیان نادەنە داواکاری کرێکاران و تا ئێستا بێدەنگن.