کرێکارێکی کۆمپانیای پێترۆشیمی کرماشان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

یەکێک لە کرێکارانی کۆمپانیای پێترۆشیمی کرماشان کە لە شارۆچکەی بێستوون سەر بە شاری هەرسین هەڵکەوتووە دوای دەرکرانی لەسەر کارەکەی و بە هۆی هەژاری و بێکارییەوە

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٩:٢١


هەنگاو: سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢

یەکێک لە کرێکارانی کۆمپانیای پێترۆشیمی کرماشان کە لە شارۆچکەی بێستوون سەر بە شاری هەرسین هەڵکەوتووە بە ناوی سەجاد ئەمیری ٣٠ ساڵە دوای دەرکرانی لەسەر کارەکەی و بە هۆی هەژاری و بێکارییەوە لە پێش ئەو کۆمپانیایە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئاکامدا گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەجاد ئەمیری ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٢ی سیپتەمبەری ٢٠٢٢) لەپێش بینای کۆمپانیای پێترۆشیمی بێستوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بە هۆی بەرزبوونی ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «سەجاد ئەمیری ماوەی چەند ساڵ بووە کە لە کۆمپانیای پێترۆشیمی بێستوون کاری کردووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بێ هیچ هۆکارێک و ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە و ناوبراو بەهۆی هەژاری و دەست کورتی خۆی کوشتووە.»

جێگای ئاماژەیە کە مانگی ڕابردووش دوو کرێکار دەرکراوی پێترۆشیمی چوار لە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی محەممەد مەنسووری و عەلی محەممەد کەریم بە هۆی هەژارییەوە خۆیان کوشتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە