کوژرانی دوو هاووڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی شاری بانە

لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردووی شاری بانە دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرەیدوون فەرەجی و موتەلیب سەعید پیرۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراون.

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٠٩:٠٤


هەنگاو: هەینی ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردووی شاری بانە دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرەیدوون فەرەجی و موتەلیب سەعید پیرۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراون.


بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) هێزە حکومییەکان لە شاری بانە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لە خەڵک کردووە و بە هۆیەوە دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرەیدوون فەرەجی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی سەقز و موتەلیب سەعیدپیرۆ خەڵکی گوندی چۆمان سەر بە شاری بانە کوژراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار فەرەیدوون لە شاری بانە لە ڕێستۆرانتێک کاری کردووە و لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردووی بانە لە بەشی پشتی سەریەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولەی هێزە چەکدارەکان و کوژراوە.
هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئەم دوو هاووڵاتییە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان شەوانە نێژراوە.

شایانی باسە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردووی شاری بانە بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی سوپا و لیباس شەخسی بە ئەنقەست تەقە لە خەڵک و ماڵی هاووڵاتییان دەکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە