کوژرانی دوو ژن لە سەردەشت و دێهلۆڕان

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی سەردەشت و دێهلۆڕان دوو ژن بە دەستی کەس و کاری نزیکی خۆیان کوژران.

١٨ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٥:٠٩

 

هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی سەردەشت و دێهلۆڕان دوو ژن بە دەستی کەس و کاری نزیکی خۆیان کوژران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٧ی دێسامبری ٢٠٢٠)، ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی وەفا عەبدوڵازادە تەمەن ٤٣ ساڵ لە گەرەکی “شەهید عەلیپور“ (کانی مەڕ)ی ئەو شارە لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە  لە پێش ماڵی خۆی بە چەک کوژراوە.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەفا عەبدوڵازادە ماوەیەک لەوە پێش لە مێردەکەی جیا بووەتەوە و بە تەنیا لە ماڵێکدا ژیاوە و بنەماڵەکەیشی پەیوەندیان لەگەڵی نەبووە. ئەو ژنە گوللە بەر سەری کەوتووە و گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەیەک لە سەردەشتەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، وەفا لەلایەن براکەیەوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کوژراوە، بەڵام هەنگاو ناتوانێ ئەم بابەتە پشتراست کاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی گوندی “زۆلفەقار” سەر بە شارۆچکەی دەشتی عەباسی دێهلۆڕن لە پارێزگای ئیلام لەلایەن براکەیەوە خنکێندراوە.


عەینوڵڵا  نیازی فەر، بەرپرسی دادگای گشتی موسیان ڕایگەیاندووە بکوژی ئەم کچە براکەیەتی و دەستبەسەر کراوە.

میدیا خۆجێیەکان هۆکاری کوژرانی ئەم کچەیان کێشەی خێزانی ڕاگەیاندووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە