کوژرانی سێ فەرماندەی سپای پاسداران لە شاری دیواندەرە

هەنگاو: هەشت ئەندامی سپای پاسداران لە شاری دیواندەرە لە ئەنجامی تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزە کوردستانیەکان کوژران و بریندار بوون.

١٦ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٧:٣٥


هەنگاو: هەشت ئەندامی سپای پاسداران لە شاری دیواندەرە لە ئەنجامی تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزە کوردستانیەکان کوژران و بریندار بوون.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٥ی مەی ٢٠٢٠) تێکهەڵچوونی چەکداری لە نیوان حیزبێکی کوردستانی و سپای پاسداران لە کوێستانی “چلچەمە” لە شاری دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنە هاتووەتە ئاراوە.


بەشی ڕاگەیاندنی فەیلەقی حەمزەی سپای پاسداران لە پاڕیزگای سنە ئەم هەواڵی پشتراست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە یەکێک لە فەرماندەکانی سپا بە ناوی “شەکیبا سەلیمی” لەگەڵ دو ئەندامی دیکەی سپای پاسداران بە ناوەکانی “جەعفەر نیزام پور” و “محەمەد شەکری” کوژراون. عەقید شەکیبا سەلیمی، جێگری فەرماندەیی گشتی ئۆپراسیۆنی فەیلقەی شارامفەڕی سپای پاسداران لە پارێزگای سنە بوو.


سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەو تێکهەڵچوونە لە نزیک گوندی شاقەڵا هاتووەتە ئاراوە و پێنج ئەندامی دیکەی سپای پاسداران بریندار بوون.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ یەک لە حیزبە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچوونەیان بە ئەستۆ نەگرتوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە