کوژرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانەکانی شاری شنۆدا

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بە دژی کوژرانی ژینا ئەمیی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، لە شاری شنۆ لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمین مەعرو

٣١ خەرمانان ٢٧٢٢، ٠٩:٥٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بە دژی کوژرانی ژینا ئەمیی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، لە شاری شنۆ لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمین مەعڕفەت تەمەن ١۶ ساڵ، میلان حەقیقی تەمەن ٢١ ساڵ و سەدرەدین لەیتانی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە تەقەیان لێ کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە ئەمین مەعڕەفەت و میلان حەقیقی بە چەکی کڵاشینکۆفی هێزەکانی ئێران پێکراون و گوللە بەر سینگیان کەوتووە و هەروەها سەدەردین لەیتانی گوللە بەر سەری کەوتووە.

شەوی ڕابردوو هەنگاو بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی لە نەخۆشخانەی نەبی ئەکرەمی شاری شنۆ، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا ڕاگەیاندبوو کە میلان حەقیقی بۆ چارەسەریی برینەکەی پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرایە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکومەت پێشیان بە نەشتەرگەری و چارەسەریی ئەو بریندارە گرتووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری شنۆ لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە خۆپیشاندەران لە شاری شنۆ، لانی کەم ٤٣ هاووڵاتیی کورد بریندار و ١٨ کەسیان بە هۆی قووڵیی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە گوازراونەتەوە.

هەنگاو شەوی ڕابردوو گرتە ڤیدیۆیەکی لەسەر ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەمین مەعڕەفەت بڵاو کردووەتەوە. هەرەوها سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە؛ ئەیووب یەعقووبی فەرماندەی سوپای پاسداران و سەید عەلی تورابی فەرمانداری شنۆ ڕاستەوخۆ فەرماندەییی ئەو هێزانەی ڕژێم کە تەقەیان لە خەڵک کردووە، لە ئەستۆ بووە
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە