کوژرانی لاوێکی خەڵکی قەسری شیرین لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوو

لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان، کە بۆ یەکەمجار پەیوەست بوون بە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە نا

٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٣:٤٤


هەنگاو: پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢


لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان، کە بۆ یەکەمجار پەیوەست بوون بە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی ئەفشین ئاشام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕاپەڕینی خەڵکی شاری قەسری شیرین، هێزەکانی حکومەت، دەستڕێژییان لە خەڵک کردووە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی ئەفشین ئاشام گیانی لەدەستداوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان تەرمی ئەفشین ئاشامیان دزیوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردووەتەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئەفشین ئاشام خەڵکی گوندی سورخەکی سنجاوی و دانیشتوو گەڕەکی پالیاوای قەسری شیرین بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە