کوژرانی لاوێکی کورد لە خۆپیشاندانەکانی شاری قەزوێن

لاوێکی کورد و خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ناوی عەلیڕەزا فەتحی و تەمەن ٢٢ ساڵ، لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵک

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٢١:١٢


هەنگاو: دووشەممە، ۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

لاوێکی کورد و خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ناوی عەلیڕەزا فەتحی و تەمەن ٢٢ ساڵ، لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکانی ئێران و کوردستان لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی، لە شاری قەزوێن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عەلیڕەزا فەتحی، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری قەزوێن لەسەر کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا بە هەنگاو ڕاگەیاندووە؛ عەلیڕەزا فەتحی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی پیشەسازیی ئەلوەند (شهرک صنعتی الوند) لە پارێزگای قەزوین کوژراوە. هەر لەو شەوەدا هاووڵایەتییەکی تری ناڕازی کە ناسنامەی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران کوژراوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلیڕەزا فەتحی بە چاودێریی چڕ و پڕی هێزە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەمی بنەماڵەی ناوبراو لە شاری ئەلوەند و هەروەها لە ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری سونقوڕ بەڕێوە چووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە