کوژرانی ٣ هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە

لە خۆپیشاندان و بەرگری شەوی ڕابردووی خەڵکی شاری سنە، لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی کەیوان دەروێشی تەمەن ١٨ ساڵ، محەممەد لوتفولڵاهی و محەممەد

٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٢٢:٣٦


هەنگاو: پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە خۆپیشاندان و بەرگری شەوی ڕابردووی خەڵکی شاری سنە، لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی کەیوان دەروێشی تەمەن ١٨ ساڵ، محەممەد لوتفولڵاهی و محەممەد شەریعەتی گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، سەرەڕای جێگیربوون و بڵاوەپێکرانی ژمارەیەکی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە، لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە، خەڵکی ناڕازی کۆ بووبوونەوە و هێزەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ خەڵکیان داوەتە بە دەستڕێژ.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە گەڕەکی کەمەربەندی ٢٥ لانی کەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی محەممەد شەریعەتی تەمەن ٢١ ساڵ و کەیوان دەروێشی تەمەن ١٨ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها، لە گەڕەکی نایسەری سنە، کەسێک بە ناوی محەممەد لوتفولڵاهی بە تەقەی ڕستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو، تەرمی ئەو سێ لاوە لە شەودا و لە ژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردراون.

ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک مافی میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکانیان نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە