کوژرانی چوار ژن لە کرماشان و ئیلام لە ماوەی دوو رۆژدا

هەنگاو: ژنێک لە شاری "دەڕەشار"ی پارێزگای ئیلام کوژرا و بەم شێوەیە لە ماوەی دوو رۆژدا چوار ژن لە پارێزگاکانی ئیلام و

١٨ جۆزەردان ٢٧٢١، ٠٩:٤٣

 

هەنگاو: ژنێک لە شاری "دەڕەشار"ی پارێزگای ئیلام کوژرا و بەم شێوەیە لە ماوەی دوو رۆژدا چوار ژن لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان لە لایەن کەسوکاریانەوە کوژراون.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەمە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢١ ( ٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، ژنێکی گەنج بە ناوی " حومەیرا بازگیر خوڕەم ئابادی" ، سەردەفتەری بەڵگەنامە فەرمییەکانی ژمارە ١ی شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام لە گەڕەکی مەسکەنی مێهری ئەو شارە، لە لایەن مێردەکەی و بە چەک کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، حومەیرا لە لایەن مێردەکەیەوە و بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کوژراوە. پیاوێکیش کە خزمی حومەیرا بووە لەو رووداوەدا بریندار بووە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

دوو رۆژ لەمەوبەریش لە شاری ئیلام ژنێک بە چەقۆ لە لایەن مێردەکەیەوە کوژرا. مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ئیلام لەم بارەوە رایگەیاند کە بکوژەکە دەستبەسەر کراوە و هۆکاری کوشتنەکەش کێشەی خێزانی بووە.

هەر ئەو رۆژە دوو خوشک لە گەڕەکی گولستانی کرماشان لە لایەن مێردی پێشووی یەکێ لەو خوشکانە، بە چەک کوژران. راگەیاندنەکانی حکوومەت هۆکاری کوشتنی ئەو دوو خوشکەیان بە کێشەی خێزانی لە قەڵەم داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە