کوژرانی ١٧ ئەندامی سپای پاسداران لە کوردستان لەماوەی ٦ مانگدا

هەنگاو: فەرماندەی هێزی ویشکانی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٥٠ شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسدار

٧ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٢٠:٣٠

 

هەنگاو: فەرماندەی هێزی ویشکانی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٥٠ شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە دژبەرەکانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ١٧ پاسدار لە کوردستان کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد پاکپووڕ، فەرماندەی هیزی ویشکانی سپای پاسداران لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی حکوومەتیی ”فارس“، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی (شەش مانگی ڕابردوو) لانیکەم ٥٠ تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٤ تێکهەڵچوونی چەکداری لە سنوورەکانی کوردستان (پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئورمیە) هاتووەتە ئاراوە.

لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا لانیکەم ١٧ ئەندامی سپای پاسداران و هەنگی سنووری کوژراون و ١١ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانیش بریندار بوون.

هەروەها ١٣ گریلا و پێشمەرگە و ٢ ئەندامی ڕێکخستنی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) لەو تێکهەڵچوونانەدا گیانیان لە دەست داوە و دوو گریلاش لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە بارمتە گیراون.

پاکپووڕ هەروەها ڕایگەیاندووە لە لە کاتی بوردمانی بنکەکانی دوو لایەنی دێموکرات لە شاری کۆیە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و یان بریندار بوون. بەڵام، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لە ئەنجامی ئەو بوردمانەدا کە رۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ ( ٨ی سێپتامبری ٢٠١٩)، ئەنجام درا، ١٦ پێشمەرگە گیانیان لە دەست دا و ٣٨ کەسی دیکەش کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون، بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە