٤ کوژراو و ١٣٠ بریندار لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ڕابردووی کوردستان

ڕۆژی ڕابردوو لە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی خەڵکی لە شارەکانی کوردستان لانی کەم ٤ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیان لە

١٧ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٤:١٨


هەنگاو: یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢


ڕۆژی ڕابردوو لە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی خەڵکی لە شارەکانی کوردستان لانی کەم ٤ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیان لەدەستداوە و ١٣٠ هاووڵاتی دیکە برینداربوون.


ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ڕابردوو سەرەتا لە شاری سنە دەستیپێکرد و پاشان خەڵک لە شارەکانی سەقز، کرماشان، جوانڕۆ، کامێران، بۆکان و مەهاباد هاتنە سەرشەقامەکان و درێژەیان بە خۆپیشاندان دا.

بەگوێرەی دوو گرتە ڤیدیۆ کە هەنگاو لە ئەکاونتی تویتەرییەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوێنێ ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە شاری سنە لانی کە چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.

داریوش عەلیزادە ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوژراوەیە، کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان گولە بەر پشت وڕانی کەوتبوو، لە نەخۆشخانە بەعسەتی سنە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدابوو.

 

 

هەروەها پەیمان مینبەری ٢٩ ساڵ و خەڵکی نییەر، دانیشتووی شاری سنە، لە نزیک پردی مەردۆخ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستداوە.

محەممەد ئەمینی دانیشتووی گەڕەکی تەقتەقان (ئیسلاماوا) ناسنامەی یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە سەربانی (کاراموزی) ئەم گەڕەکە گیانی لەدەستداوە.


شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ناسنامەی ئەو هاووڵاتییەی کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی ببووە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و لە سەرەوە پێکرابوو، هەتا ئێستا بۆ هەنگاو یەکلایی نەبووەتەوە. تیمی لێکۆڵینەوەی هەنگاو بە زووترین کات ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەم بارەوە بڵاو دەکاتەوە، ئەوەی تا ئێستا ڕوون بووەتەوە ئەوەیە، کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە کەسێکە بە ناوی "یەحیا ڕەحیمی"، کە بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە کەسی کوژراو هەمان خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بێت.

 


هەروەها، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان، لە شاری سنە زیاتر لە ٥٠ کەس، لە جوانڕۆ ١٥ کەس و لە سەقز ٦٥ کەس لەناویاندا ٢٠ ژن برینداربوون، کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.

هەر لەم ڕاستایەدا لە کاتی مافی ڕەوای خۆپاراستنی خەڵک ئەندامێکی هێزە حکومییەکان لە شاری سنە بەناوی غوڵامڕەزا بامدی کوژراوە و ٢ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. لە جوانڕۆ ٢ ئەندامی هێزە حکومییەکان و لە شاری سەقز دوو کەسی دیکەی سەر بە حکومەت کە یەکێکیان محەممەد ڕەزا ڕەزاپور داواکاری گشتی شاری سەقزە، برینداربوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراونەتەوە.

ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، سنە، سەقز، کامیان و جوانڕۆ هەتا سەرەتاکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ درێژەی هەبووە.
 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە