کچێکی تەمەن ١١ ساڵی ئیلامی لەجیاتی قەرز لە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ مارە کرا

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١١ ساڵی خەڵکی ئیلام لە جیاتی قەرزی باوکی لە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ مارە کراوە و ئێستا تووشی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بووە.

١٦ ڕێبەندان ٢٧١٨، ١٨:٣٨

 

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١١ ساڵی خەڵکی ئیلام لە جیاتی قەرزی باوکی لە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ مارە کراوە و ئێستا تووشی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا، لە یەکێک لە گوندەکانی بەخشی ”زەردەڵان و هەلیلان“ی پارێزگای ئیلام، کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لە جیاتی قەرزی باوکی (بڕی ١٥ میلیۆن تمەن) لە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ  بە ناوی ”سەفەرعەلی ڕەزایی“ کە ٣٩ ساڵ لە خۆی گەورەترە مارە کراوە و لە ڕووی ناچارییەوە مێردی پێکردووە.

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی ئیلام کە لە نزیکەوە چاوی بە زارا کەوتووە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ” زارا ئێستا نیشتەجێی گوندی (پەیامنی زەردەڵان)ی ئیلامە و تووشی کێشەی دەروونی بووە و بەدەست ئازاری پشتییەوە دەناڵێنێت کە هۆکارەکەشێ ئەوەیە توانایی ئەو پەیوەندییە نیە کە لەگەڵ مێردەکەی هەیەتی.“

ئەو چالاکە مەدەنییە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا بە هەنگاوی وت کە ئێمە سەردانی چەندنی ناوەندی پەیوەندیدارمان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ دەسکەوتێکمان نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی دانیشتووی ئیلام لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند ” بە هۆی هەژاری، کێشەی ئابووری و ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی بەخشی زەردەڵان و هەلیلان لەلایەن حکوومەتەوە ناسنامەیان پێ نەدراوە، هەتا ئێستا چەندین حاڵەتی لەم شێوەیە بیندراوە و ترسی ئەوە هەیە کە ببێتە دیاردە و لە نێو کۆمەڵگادا بکرێتە باو و منداڵان و کچانی ناوچەکە وەکوو کاڵا بفرۆشرێن.“

هەنگاو لە بەکاربردنی ناوی ڕاستەقینەی ئەو کچە قوربانییە خۆی بواردووە و ناوی ”زارا“ی بەکار هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە