کچێکی ٢٠ ساڵە لە سنە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: کچێکی خەڵکی کامێران و دانیشتووی سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٧ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٢٣:٠٣

 

هەنگاو: کچێکی خەڵکی کامێران و دانیشتووی سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کچێکی لاوی خەڵکی کامێران و دانیشتووی سنە بە ناوی ئەژین ڕەحمانی ٢٠ ساڵە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری بانە بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی محەممەد جەعفەری سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» و «بەزاندنی سنوور» بە سەر ناوبراودا سەپاوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم سزایە لەلایەن لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە پشتڕاست کراوەتەوە و بۆ ماوەی ساڵێک هەڵپەسێردراوە.

ئەژین ڕەحمانی لە مانگی ڕێبەندانی پارەکەوە بۆ ماوەی ٨ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ڕەزبەری ئەمساڵ دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە و لە سنووری بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە کە دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە