کچە شاعرێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و هەڕەشەی بڕینی زمانی لێکراوە

هەنگاو: حەوتووی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەرانە محەمەدی، شاعیری لاوی خەڵکی بانەیان ڕفاندووە.

٢٩ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٠:٣٨

 

هەنگاو: حەوتووی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەرانە محەمەدی، شاعیری لاوی خەڵکی بانەیان ڕفاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١١ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانە شاعر و نوسەری لاوی کورد تەرانە محەمەدی بە نازناوی (تەنیا) یان ڕفاندووە و بردوویانە دەرەوەی شار و وێرای سووکایەتی و بێڕێزی پێکردن یەکێک لەوان کە بە زمانی فارسی قسەی کردووە هەڕەشی بڕینی زمانی لە تەرانە کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە تەنیا به بنەماڵەکەی وتووە: ”ئەوان (هێزە ئەمنییەکان) چوار کەس بوون و ئۆتۆمبێلێکی جۆری MVM بە ڕەنگی سپی و شووشە (جام) ڕەشیان پێ بووە و ڕاست لە بەر ماڵەکەمان تەلیسان بە سەرم کێشاوە و خستوومیانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکە و بردوومیانەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سووکایەتی و هەڕەشە لێکردن دیسان تەلیسەکەیان بەسەرما کێشاوەتەوە و هێناومایەنتەوە لە گەڕەکێکی نزیک گەڕەکەکەی خۆمان دامیانبەزاندووە“.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە تەنیا محەمەدی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە ڕەقەمی نەناسراو هەڕەشەی لێکراوە و چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامی بانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ڕفاندنی ئەو کچە شاعرە دوای ئەوەی بووە کە ناوبراو لە لایڤێکی ئینیستاگرامی لەگەڵ شاعیری فارس زمان هیلا سدیقی وتبووی ”شێعرێک بە زمانی هاوبەش (فارسی) دەخوێنم“ و لە وڵامی هیلا سدیقی کە وتبووی ”مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟ ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئیوە خۆتان ئێرانی نازانن بەڵکوو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن“ وتبووی ” بەڵێ ئێوە ڕاست دەکەن من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم“ و هەروەها بەشداری لە لایڤێکی ئینیستاگرامی هونەرمەندی ناوداری کورد نەجمەدین غوڵامی بووە.

تەرانە محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکاری مەدەدکاری کۆمەڵایەتی زانکۆی مەهاباد و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە.

تەرانە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە شێعری وتووە و لە نێو توێژی لاو خاوەن پێگەیە. شێعرەکانی ناوبراو زیاتر لە سەر مافی نەتەوەیی کورد، مافی ژنان، منداڵان و هەروەها دیاردە کۆمەلایەتییەکان وەکوو بەشوودانی زۆرەملێیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە