کچە کوردێک لە فڕۆکەخانەی ئامێستێردام دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی سەردەشت کە حەفتەی ڕابردوو لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی تاران سەردانی ولاتی هوڵەندی کردبوو، لە فڕۆکەخانەی ئامێستێ

٢٦ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٠٠:٠٣

 

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی سەردەشت کە حەفتەی ڕابردوو لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی تاران سەردانی ولاتی هوڵەندی کردبوو، لە فڕۆکەخانەی ئامێستێردام دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، "نەسیم خزری" تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، دوای ئەوەی کە ڕۆژی پێنج شەممەی حەفتەی ڕابردوو (١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٧ی فێوریەی ٢٠١٩)، چوبووە وڵاتی هوڵەند، لە فڕۆکەخانەی ئامێستێردامی ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

نەوید خزری برای نەسیم، لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ناوبراو بە ڤیزای شینگێن سەردانی هۆڵەندی کردووە و بڕیار بووە کە کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەو ڕۆژە بگاتە فڕۆکەخانەی ئامێستێردام، بەڵام دوای گەیشتنی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە و دوای بەدواداچوونی بنەماڵەکەم زانراوە کە لە فڕۆکەخانەیە و دەستبەسەرە. بەڵام دوو ڕۆژ دواتر بەرپرسانی فڕۆکەخانە ڕەدیان کردووەتەوە کە نەسیم چووبێتە ئەو فڕۆکەخانە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی نەسیم.

ناوبراو لە درێژەدا وتی کە ئێمە لەگەڵ پۆلیس، کەمپی پەنابەران و هەروەها بەندیخانەکانی ئامێستردام پەیوەندیمان کردووە، بەڵام هیچ دەسکەوتێکمان نەبووە و ڕایانگەیاندووە کە لێرە نیە.

بە پێی ئەو نامانەی کە نەسیم بۆ یەکێک لە خزمانی نزیکی خۆی لە سەردەشت ناردوویە و دەستی هەنگاو گەیشتووە، نەسیم نووسیویە کە "من ناتوانم بڕۆمە دەرەوەی فڕۆکەخانە و مۆبایلەکەم شارژی نەماوە، ئێرە زۆر ساردە و من دوورم لە جانتاکانیشم".

سەرەڕای تێپەڕێنی یەک حەفتە بە سەر دەستبەسەر کرانی نەسم و وڵامنەدانوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وڵاتی هوڵەند، بنەماڵەی نەسیم بڕیاریان داوە کە ئەو هەواڵە لە ڕێگای هەنگاوەوە میدیایی بکەنەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە هەموو دام و دەزگاکانی پەیوەندیدار و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە هەرچی خێراتر بە مەبەستی ئاگادار بوون لە چارەنووسی نەسیم خزری هەنگاوی جیدی هەڵبگرن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە