کۆمار دەرئۆفتادە لە مەودای ٣ مەترییەوە کراوەتە ئامانج و تەقەی لێکراوە

کۆمار دەرئۆفتادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، کە لە خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەوتکەرەکان بریندار کرابوو، شەو.

٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١١:٤٠



هەنگاو: دووشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

کۆمار دەرئۆفتادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، کە لە خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەوتکەرەکان بریندار کرابوو، شەوی ڕابردوو دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆمار دەرئۆفتادە کوڕی حەسەن، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە نەخۆشخانەی خومەینی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمی ئەو مێرمنداڵە هەر ئەو شەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، کۆماری دەرئۆفتادە، شەوی شەممە، ٧ی خەزەڵوەر (٢٩ی ئۆکتۆبر) لە کەمەربەندی کۆنەخانێ و نزیک گۆڕەپانی "محەممەد هەوراز" تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.

یەکێک لە شایەتحاڵان لەم بارەوە تایبەت بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "لەو شوێنەی کە کۆماری بریندار کرا هیچ خۆپیشاندانێک نەبوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەوز و سپی جۆری سەمەند کە بێ ڕەقم بوون، لە مەودایەکی ٣ مەترییەوە بە چەکی تاپڕ بەرەوڕووی کۆمار تەقەیان کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە".

ئەم سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە دوو مێرمنداڵی دیکە لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمار بوون، یەکێکیان هەر ئەو کاتە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.
بڕیار وایە تەرمی کۆمار دەرئۆفتادە ئەمڕۆ لە گوندی زێوکە زێدی باوکی بە خاک بسپێردرێت.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە بەرخۆدانی شەوی شەممەی شاری پیرانشار، لانی کەم هاووڵاتییەکی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکومەت گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە ساردخانەی نەخۆشخانەی خومەینی ڕاگیراوە. بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە