کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێک و چاوێکی لە دەست دا

هەنگاو: کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت کە چەند ڕۆژ پێش لە سنووری بانە بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار کر

١٢ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٩:١١

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت کە چەند ڕۆژ پێش لە سنووری بانە بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار کرابوو، لاقێک و چاوێکی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، فواد مەهدی ئیبراهیمیان کۆڵبەری تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی سەردەشت کە چەند ڕۆژ پێش لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار کرابوو، و گوازرابووەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە لاقی ڕاست و چاوی چەپی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم کۆڵبەرە گەنجە لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی وت: «لە نەخۆشخانەی نیکوکاری شاری تەورێز نەشتەرگەری چاو بۆ فواد کراوە کە بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووە و چاوی چەپی لە دەست داوە.»

فواد مەهدی ئیبراهیمیان پێشتر لە نەشتەرگەرییەکدا لاقی ڕاستی بڕابووەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی «ئیمام ڕەزا» ی شاری تەورێز لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.

فواد مەهدی ئیبراهیمیان ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٢) لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندار ببوو. هەروەها لەو ڕووداوەدا دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی ئامانج ئیبراهیم پوور ٢٢ ساڵە و کیانووش ڕەئووفی ٢٤ ساڵ بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە