کۆڵبەرێکی بانەیی دوای دەستبەسەر کران گوللەباران کراوە

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە لەلایەن چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەردەشت پاش دەستبەسەر کران گوللەباران کرا.

١١ خەرمانان ٢٧١٨، ١٠:٥٤

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە لەلایەن چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەردەشت پاش دەستبەسەر کران  گوللەباران کرا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی بانە بەناوی مەحموود کتابی تەمەن ٢٤ ساڵان، دوایی ئەوەیکە  لە سنووری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، گوللەباران کراوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە گەنجە کە خاوەن ژن و منداڵێکی ٨ مانگانە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە (٥ی خەرمانان ٢٧١٨/ ٢٧ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لە ماڵەوە چووتە دەرەوە و بۆ کاری کۆڵبەری بەرەو سەردەشت بەرێ کەوتووە.

ژنی ئەو کۆڵبەرە ڕایگەیاندووە کە ئێمە تا دوو رۆژ پێش کە لە سنووری سەردەشت قسەمان لەگەڵی کردووە، تەنانەت شەوی هەینی کاتێک تەلەفۆنمان بۆی کردووە کەسێک بە زمانی فارسی وڵامی داوەتەوە و وتوویە کە ئەم تەلەفۆنەی لە بازاری سەردەشت دۆزیوەتەوە. بەڵام دوای یەک ڕۆژ هەمان کەس پێمانی وتووە کە تەرمی خاوەنەی موبایلەکە لە کوێستانەکانی پیرانشار دۆزراوەتەوە و گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی سەردەشت.

 ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند تا ئێستا چەندین جار مەحموود کتابی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بانەوە بانکهێشت و لەسەر پشتیوانی لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێران لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە مەحمود کتابی لە کوێستانەکانی سەردەشت دوای دەستبەسەر کران کوژراوە.

هەروەها، بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوردەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ناوبراو بۆ کاری کۆڵبەری بەرەو سەردەشت چووە نەک پیرانشار.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کاتژمێر ٢ی شەوی ڕابردوو گەڕێندراوەتەوە بۆ بانە و ئەمڕۆ لەو شارە ئەسپەردەی خاک دەکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە