کۆڵبەرێکی سەقزی بە هۆی تەقینەوەی مین لاقی بریندار بووە و توانایی دابینکردنی تێچووی نەشتەرگەرییان نییە

ڕۆژی شەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٣٠ی جولای ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی عەتا حەسەنزادە تەمووغە تەمەن ٣٥ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بان

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٦:٠٤


هەنگاو: دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

ڕۆژی شەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٣٠ی جولای ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی عەتا حەسەنزادە تەمووغە تەمەن ٣٥ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە چووەتە سەر مین و لاقی بە سەختی بریندار بووە و بنەماڵەکەی توانایی دابین کردنی ئەو بڕە پارەیان نییە کە بۆ نەشتەرگەری داوایان کردووە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەتا حەسەنزادە تەمۆغە لە نەخۆشخانەی شەهریاری شاری تەورێز خەوێندراوە و پزیشکەکان بۆ نەشتەرگەریی لاقی ناوبراو داوای بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەنیان کردووە و بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەیان نییە و داوایان لە خەڵک کردووە کە هاوکارییان بکەن.

شایان باسە عەتا حەسەنزادە تەمۆغە تەمەن ٣٥ ساڵ ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە کەم تەمەنە.

هەنگاو زانیویەتی عەتا حەسەنزادە تەمۆغە پێشتر لە کانزایەک کاری کردووە و بە هۆی ئەوەی چەند مانگە پارەیان پێ نەداوە بۆ بژێوی ژیان بۆ یەکەم جار چووتە کۆڵبەری و دوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور لە کاروانی کۆڵبەران بە هۆی نەشارەزابوونی لە جوگرافیای ناوچەکە چووەتە ناو کێڵگەیەکی مین.

هەروەها، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ کاسبکارێکی خەڵکی بانە لە کاتی حەسانەوە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دەستی چووەتە سەر مین و و لە ئاکامدا دەستی پەڕیوە. ناسنامەی ئەم کاسبکارە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.

ئێوەش دەتوانن لە ڕێگای هەژماری بانکی خوارەوە بە مەبەستی دابینکردنی تێچووی نەشتەرگەریی عەتا حەسەنزادە تەمووغە هاوکاریی بنەماڵەکەی بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە